کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرمیلن) رایگەیاند، کشانەوەی ئێران لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە ئەنجامی لە رادەبەدەر زیادكردنی فشارە دەرەكیەكانە بۆ سەر ئەو وڵاتە.
دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیایدا لە بەشێک لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 بکشێتەوە، کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرمیلن) رایگەیاند، "ئێستا زوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەو سزایانەی ئێران بكرێت كە پەیوەندی بە چەكی ئەتۆمیەوە هەیە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "کشانەوەی ئێران لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە ئەنجامی لە رادەبەدەر زیادكردنی فشارە دەرەكیەكانە بۆ سەر ئەو وڵاتە".
کرمیلن دەشڵێت، "ئێمە ئێستا دەرەنجامی كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە رێككەوتنامەی ئەتۆمی دەبینین".
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە رێگەی راگەیاندنی فەرمی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند، "بە باڵیۆزی هەریەك لە وڵاتانی بریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و چین و روسیای راگەیاندوە ئێران رادەوەستێت لە پابەندبونی بە هەندێك بڕگەی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمیەی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئەو وڵاتانەدا ئەنجامدراوە".
بڕیارەكە بەشێوەیەكی فەرمی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیەندراوەتە باڵیۆزخانەی هەریەك لەو وڵاتانە لە تاران-ی پایتەختی ئێران.
لە پەیامەكەدا هاتوە، "ئێران ماوەی 60 رۆژ مۆڵەت دەداتە هەریەك لەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكە كردوە بۆ بڕیاردانیان لەسەر بابەتەكانی تایبەت بە كەرتەكانی نەوت و بانكەكان".